
هه‌ڵسه‌نگاندنی ناودار

فه‌قێ قادر
فه‌قێ ناوی قادر یا (عه‌بدولقادر) كوڕی ڕه‌سووڵ كوڕی جوامێر له تا به‌ره‌بابی به‌گزاده و تیره‌ی چه‌له‌بی خێڵی هه‌مه‌وه‌نده. له ساڵی 1830 له بازیان له‌دایكبووه. هه‌واڵ هه‌یه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ له گوندی قودره‌ته له‌دایكبووه.
سه‌ره‌تای خوێندنی له حوجره‌ی مزگه‌وت بووه، تا ئه‌و سه‌رده‌مه له وڵاتی كورده‌واری مزگه‌وت مه‌ڵبه‌ندی یه‌كه‌می خوێنده‌واری بوو. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ فه‌قێ قادر قۆناغه‌كانی خوێندنی حوجره‌ی ته‌واو نه‌كردووه، ڕه‌نگه گه‌یشتبێته قۆناغی موسته‌عیدی یا سوخته‌یی و ده‌ستی له خوێندن هه‌ڵگرتبێ، له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌و وازهێنانه‌ش بووبێته هۆی ئه‌وه‌ی نازناوی "فه‌قێ" بۆ خۆی بهێڵێته‌وه و وه‌ك نازناو له هۆنراوه‌یه‌دا به‌كاری بێنێ. جگه له‌وه هه‌ندێ جاریش وشه‌ی "ده‌روێش"ی كردووه به‌نازناو، ئه‌مه‌یان به‌ناوی ڕێزگرتن له كاكه‌حمه‌دی شێخ بووه، چونكه ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ی زۆر خۆشویستووه و خۆی به‌مورید و ده‌روێشی ئه‌و داناوه له ڕێگای قادریدا.
فه‌قێ قادر له سه‌رۆكه‌كانی خێڵی هه‌مه‌وه‌ند بووه، ماوه‌یێك پله‌ی قایمه‌قامیه‌تی ناوچه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و ناوچه‌ی بازیانی پێ سپێررا بوو له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی سوڵتان عه‌بدولعه‌زیزی عوسمانی (1830-1876).
ژیانی فه‌قێ قادر وه‌ك سه‌رۆك خێڵێك ڕه‌نگه‌ندانه‌وه‌ی ژیانی خێڵكه‌ی خۆی بووه له ڕۆژگارانی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌وڵه‌تی تۆتالیتاری ئۆتۆكراتی عوسمانی. جێگه‌ی جوگرافی ئه‌م خێڵه یه‌كجار گرنگ بووه له ستراتیجییه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌تایبه‌تی سوپایی، بێگومان هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌م ناوچه‌یه به‌د‌ه‌ست خێڵی هه‌مه‌وه‌نده‌وه بووه. له بابه‌ت گرنگی ئه‌م ناوچه‌یه‌وه زانای گه‌وره تۆفیق وه‌هبی ده‌ڵێ؛ ده‌ربه‌ندی بازیان یه‌كه‌مین ده‌روازه‌یه له گه‌رمیان و شاخی حه‌مرینه‌وه بۆ ناوچه‌كانی نێوه‌ندی باشووری كوردستان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی هیچ جۆره خزمه‌تێكی بۆ ناوچه‌ی چه‌مچه‌ماڵ نه‌ده‌كرد سه‌ره‌ڕای ئه‌مه خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌رووتانده‌وه. خێڵی هه‌مه‌وه‌ند ئازا و بزێو بوون، به‌رهه‌ڵستی زۆرداری ده‌وڵه‌تیان ده‌كرد. شه‌ڕوشۆڕ به‌بێ بڕانه‌وه له ناوه‌وه بووه له نێوان خه‌ڵكی خێڵی هه‌مه‌وه‌ند و ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی، ئه‌مه جگه له‌و شه‌ڕوشۆڕ‌ه هه‌میشه‌یییه وێرانكه‌ر و بێ ئاسایشانه‌ی له‌نێوان ده‌ربه‌گه‌كانی ناوچه‌كه بووه و ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی كردوویه‌تی به‌دارده‌ست بۆ ئاژاوه نانه‌وه له‌ناو كورداندا.
ئه‌م باره وای كردووه چاره‌نووسی سه‌رۆكه‌كانی خێڵ له‌گه‌ڵ هی خه‌ڵكه‌كه یه‌ك بگرنه‌وه و ببن به‌یه‌ك ئامانج. به‌م جۆره فه‌قێ قادر تووشی ئازار و ئه‌شكه‌نجه و كۆت و پێوه‌ندی به‌ندیخانه بووه. له‌ماوه‌ی ساڵانی 1885-1887 ژیانی دیلی له به‌ندیخانه‌كانی كه‌ركووك و موسڵ و به‌غدا بردۆته سه‌ر. ماوه‌ی دیلی و ده‌ستبه‌سه‌ری فه‌قێ قادر هه‌مووی به‌سه‌ریه‌كه‌وه نه‌بووه، هه‌ندێ جار ئازاد كراوه و دووباره گیراوه‌ته‌وه، له جاری دیكه‌دا هه‌مه‌وه‌ندان به‌سه‌ر به‌ندیخانه‌یان داداوه و فه‌قێیان ئازاد كردووه.
له‌و ماوانه‌دا خۆی ون كردووه له هه‌ندێ شوێنه‌كانی كوردستانی ئێران دوور له ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی، له ناوچه‌كانی ماهیده‌شت و زه‌هاو خۆی په‌نا داوه. له‌مه‌وه ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ شه‌ش حه‌وت ساڵێكی ته‌مه‌نی له به‌ندیخانه بردبێته سه‌ر، زۆرترینی ئه‌م ماوه‌یه له به‌ندیخانه‌ی كه‌ركووك بووه.
له ساڵی 1887 فه‌قێ قادر له‌گه‌ڵ به‌شێك له به‌گزاده‌ی هه‌مه‌وه‌ند و خه‌ڵكی خێلكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی دووری خستوونه‌ته‌وه و ئاواره‌ی كردوون بۆ شاری بنغازی له وڵاتی لیبیا، وا باوه گوایا فه‌قێ قادر له ساڵی 1890 له‌وێ كۆچی دواییكردووه.
نموونه‌یه‌ك له‌شیعری فه‌قێ قادر
كه‌وكه‌بی نه‌به‌رد شای زمستانه‌ن
جولووس جورعه‌ی جام جیهانه‌ن
ڕه‌زم و مه‌عره‌كه‌ی باد و تۆفانه‌ن
سوڵتان پاییز نه ته‌خت بی مه‌عزوول
نه‌مه‌نه جه ئافاق تۆز و گه‌رده‌لوول

Digg
del.icio.us




