
هه‌ڵسه‌نگاندنی ناودار

حاجی
حاجی قادر كوڕی مه‌لا ئه‌حمه‌دی كوڕی مه‌لا ساڵحی كوڕی مه‌لا ئه‌حمه‌دی گه‌وره‌یه. ناوی دایكی فاتێ (فاتیمه) بووه. له نێوه‌ندی وێژه و ڕۆشنبیری كوردیدا ئه‌وه باوه وشه‌ی "حاجی" پێشناوی چوونه حه‌جی نییه، چونكه حه‌جی نه‌كردووه، ناوی قادر یا عه‌بدولقادر بووه و له مانگی حاجییان له دایكبووه له‌به‌ر ئه‌وه له منداڵییه‌وه به‌حاجی قادر ناوبانگی ده‌ركردووه.
حاجی له ساڵی 1816 له گوندی گۆڕقه‌ره‌ج له دایكبووه، ئه‌م ئاوایییه كه‌وتۆته خوارووی ڕۆژئاوای شاری كۆیه نزیك شوێنه‌واری گۆمه‌لاڵه‌ی دۆڵی مۆردان.
حاجی زۆر منداڵ بووه كه باوكی مردووه. له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا فاتێی دایكی ناویه‌تی به‌رخوێندن. له نه‌ریتی ناو كوردهواری ئه‌وه باو بووه كوڕی تاقانه به‌منداڵی باوكی كۆچی دوایی كردبێ دایكی ده‌یخسته به‌رخوێندن. خوێندنی به‌رایی حاجی لای مه‌لا ئه‌حمه‌دی ئۆمه‌ر گونبه‌تی بووه. ئه‌مه خاڵۆزاری حاجی بوو. له دوای دوو ساڵ فاتێی دایكیشی كۆچی دوایی ده‌كا. به‌م جۆره بێ كه‌س ده‌مێنێته‌وه و مه‌لا ئه‌حمه‌د به‌خێوی ده‌كا.
له خوێندنی حوجره تا گه‌یشتۆته قۆناغی فه‌قێیه‌تی له كۆیه بووه. له هاوینی ساڵی 1853 له‌گه‌ڵ مه‌لا عه‌بدوڵڵای جه‌لی زاده وه‌ك فهقێیێك بۆ خوێندن ڕوو له گوندی شێخ وه‌تمان له ناوچه باڵه‌كایه‌تی ده‌كا. هه‌ردووكیان ده‌بن به‌فه‌قێی مه‌لا محه‌مه‌دی كاك عه‌بدوڵڵا. له دوای ماوه‌یێك حاجی له مه‌لا عه‌بدوڵڵای جه‌لی زاده جیا ده‌بێته‌وه و به‌ته‌نیا به‌ره‌و شاره‌كانی سه‌رده‌شت و سابڵا‌غ (مه‌هاباد) و شنۆ ده‌كه‌وێته ڕێ، بۆ ماوه‌ی شه‌ش حه‌و ساڵ له‌م شارانه‌دا ده‌مێنێته‌وه تا پڕۆگرامه‌كانی خوێندنی حوجره ته‌واو ده‌كا له زانستییه‌كانی ئایینی ئیسلام و زمانی عه‌ره‌بی. له ساڵی 1862 مۆڵه‌تی دوازده زانستی وه‌رگرتووه و به‌ڕێگای ده‌شتی لاجان و باڵه‌كایه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه كۆیه.
ژیانی حاجی له كۆیه ئاسان نه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه به‌هیچ جۆرێ بۆی نه‌كراوه مه‌لایه‌تی بكا، یا خۆی نه‌یویستووه خه‌ریكی پیشه‌ی مه‌لایه‌تی بێ، هه‌روه‌ها بێ ئۆقره‌یی كاری له ژیانی تایبه‌تی خۆی كردووه و بووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژن نه‌هێنێ و خۆی نه‌خاته ناو داوی خێزانی و تووشی به‌خێوكردنی ماڵ و منداڵ نه‌بێ.
پێوه‌ندی حاجی به‌ئاغا و كاره‌به‌ده‌ستانی سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵی كۆیه بنه‌ماڵه‌كانی حه‌وێزی (به‌تایبه‌تی ئه‌خته‌ر - ئه‌مین ئاغای شاعیر) هه‌روه‌ها غه‌فووری و مه‌لاكان باش بوو، به‌ڵام ئه‌مه نه‌یتوانیوه له تیر و توانجی سیستێمی ده‌ره‌به‌گی و بزووتنه‌وه‌ی ده‌روێشیزم كه هه‌میشه له خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سوڵتانی عوسمانی بوون ڕزگاری ببێ. لێره‌دا شێخ نه‌بی ماویلی ڕۆڵی گرنگی بووه له به‌ربه‌ره‌كانی كردنی حاجی و ته‌نگه‌تاوكردنی تا پله‌یێك وڵات به‌جێ بێڵێ و ئاواره‌ی وڵاتان بێ. ئه‌م شێخ نه‌بی ماویلییه مه‌لایێكی باش بووه، له ڕواندز خوێندوویه‌تی و له‌وێ ژیاوه. شێخی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بووه، ماڵی له كۆیه بووه، ئاماده بووه هه‌رچی خراپه هه‌یه بیكا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و دابینكردنی وڵات. بێ گومان هه‌ڵوێستی كه‌سێكی وا به‌رامبه‌ر به‌بلیمه‌ت و ڕاستگۆ و زیره‌ك و نیشتیمانپه‌روه‌ر لهخۆبردوویێكی وه‌كو حاجی له كاری خراپه به‌ولاوه به‌رامبه‌ری هیچی دیكه نابێ.
حاجی سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و ڕوو ده‌كاته وڵاتی ئاواره‌یی، له ئه‌نجامدا له ئه‌سته‌مووڵ ده‌نیشێته‌وه. وه‌كو نالی له‌و شاره گه‌وره‌یه‌دا گوم نابێ. له كوردی دڵسۆزی هاوڕه‌گه‌زی خۆی ده‌گه‌ڕێ، هه‌ندێكیان ده‌دۆزێته‌وه، دیارترینی ئه‌و كوردانه چه‌ندانێك له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان پاشا ده‌بن.
حاجی له ئه‌سته‌مووڵ وه‌كو جووتیارێكی دواكه‌وتووی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌می كوردستان ناكه‌وێته ڕوو، هه‌روه‌ها وه‌كو كۆلكه مه‌لایێكی مردووشۆر نابینرێ، به‌ڵكو وه‌ك ڕۆشنبیرێكی شاره‌زا و هوشیار و دڵ و ده‌روون پڕ له هێزی پێشكه‌وتن و شۆڕشی خۆی ده‌نواند. له‌به‌ر ئه‌وه كۆمه‌ڵی تازهپێشكهوتوو له چاو كۆمه‌ڵه دواكه‌وتووه‌كه‌ی خۆی زیاتر ڕێی بۆ خۆش ده‌كرد شتی نوێ فێر ببێ. نزیكی ئه‌سته‌مووڵ له ئه‌وروپا ڕێگه‌ی بۆ حاجی خۆش كرد بینینی به‌رامبه‌ر به‌ئه‌وروپا فراوانتر بێ. ئۆتۆمۆبیل و شه‌مه‌نده‌فه‌ری له‌و وڵاته‌دا چاو پێ كه‌وت. له نزیكه‌وه ڕۆژنامه و كۆواره‌كانی وڵاتی عوسمانی ده‌خوێنده‌وه.
بناغه‌ی بوونی حاجی به‌ڕۆشنبیر و زانای هاوچه‌رخ و ڕامیاری و ستراتیجی و دانا له كۆیه ده‌ستی پێكرد، له كوردستانه‌وه ئه‌م بیروڕا نوێیانه له لا دروست بووبوون به‌ڵام له وڵاتی عوسمانی له‌م لایه‌نه‌وه گه‌لێ شتی نوێ فێر بوو. حاجی كه پشتی له وڵاتی خۆی كرد ته‌نیا شاعیر نه‌بوو، هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی نوێی ده‌ره‌وه‌ی دوازده زانسته‌كه‌ی ئایینی ئیسلام و زمانی عه‌ره‌بی بوو، كۆمه‌ڵی نوێ یاریده‌ی دا ئاسۆی بیروڕای مرۆڤایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی زیاتر فراوان ببێ ڕۆژگارانی ماوه‌ی ژیانی حاجی له وڵاتی عوسمانی زۆر ئاشكرا نییه، ڕاسته ئێمه ده‌زانین پێوه‌ندی بهبهدرخانییهكانهوه هه‌بوو، به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییان، خۆیان ده‌ستبه‌سه‌ر بوون چاوای خه‌فیه و سیخوڕی وڵات به‌دوایانه‌وه بوون، له هه‌موو هه‌رێمه‌كانی كوردستانی گه‌وره بڵاو بووبوونه‌وه هه‌روه‌ها له ئه‌سته‌مووڵ و شاره‌كانی سوریا و قاهیره‌ی میسر و جێگه‌ی دیكه ده‌بینران، زیاد له‌سه‌ر ئه‌مه له مه‌ڵبه‌ندی خۆشیان جزیری بۆتان ده‌ژیان، جا ئێمه ئه‌وه ده‌زانین زۆربه‌ی ژیانی ئه‌و وڵاته‌ی حاجی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا له ئه‌سته‌مووڵ بوو، به‌ڵام ڕه‌نگه له جێگه‌ی دیكه‌ش له‌گه‌ڵیاندا ژیا بێ، جێی وه‌كو جزیری بۆتان.
سه‌رچاوه‌ی هه‌ره گرنگ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ژیانی حاجی هۆنراوه‌كانی خۆیه‌تی، چونكه ته‌نیا هۆنراوه‌ی دڵداری نه‌وتووه به‌ڵكو چۆته ناو ناخی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه، بێگومان ئه‌م جۆره هۆنراوانه زانیاری زۆر به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته بایه‌خ به‌م جۆره به‌رهه‌مه‌ی شاعیر بدرێ.
هه‌رچۆنی بێ له دوای ته‌مه‌نێكی درێژ زۆربه‌ی بۆ خۆی ناله‌باری بوو، بۆ نه‌ته‌وه‌ی به‌ختیار بوو له ئه‌سته‌مووڵ له ساڵی 1897 كۆچی دواییكرد. وا باوه له ئه‌سته‌مووڵ نێژراوه، به‌ڵام گۆڕی پیرۆزی دیار نییه.
ڕۆژنامه‌ی "كوردستان"ی قاهیره له ژماره سییه‌می 20ی مایسی 1898 به‌هۆی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر كۆچی دوایی حاجی هه‌واڵی مردنی بڵاوكردبووه‌وه.
نموونه‌یه‌ك له چوارینه‌كانی حاجی
نه‌قدی عومرم به‌غه‌زه‌ل دا و دوكانم دانا
هیچ كه‌سێ نهیكڕی ترسام له ڕزین و له خوران
بێ به‌ها دامه ئه‌م و ئه‌و وه‌كو كوردێك كه ڕژا
ڕۆنی ئه‌و وه‌قته ده‌ڵێ كردمه خێری كوڕه‌كان

Digg
del.icio.us




