
هه‌ڵسه‌نگاندنی ناودار

ئیبراهیم فه‌تاحی
سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی پێنج شه‌ممه 14ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2006 هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی کورد مامۆستا " ئیبراهیم فه‌تاحی" به هۆی وه‌ستانی دڵ له شاری بۆکان کۆچی دواییکرد.
هونه‌رمه‌ندی میللی ئیبراهیم فه‌تاحی دوای 40 ساڵ کار‌و خزمه‌تی هونه‌ری به‌بواری گۆرانی ڕه‌سه‌نی کوردی له ته‌مه‌نی 74 ساڵیدا له ماڵی خۆی له کۆڵانی "سه‌رو" له گه‌ڕه‌کی ساحیلی شاری بۆکان ماڵئاوایی له ژیان کرد.
هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ئیبراهیم فه‌تاحی له ڕۆژی 23ی ئه‌یلوولی ساڵی 1932 له گوندی تورجانی سه‌ر به شاری سه‌قز له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هاته جیهانه‌وه. هه‌ر له ته‌مه‌نی گه‌نجیدا به بیستنی گۆرانییه‌کانی هونه‌رمه‌ندی کورد مامۆستا " حه‌سه‌ن زیره‌ك"، که ئه‌و کات له ڕادیۆیی کوردی تاران و کرماشان بڵاوده‌بوونه‌وه، خولیای هونه‌ری گۆرانی خوێندن بوو.
ساڵی 1966 بۆ یه‌که‌م جار له ڕادیۆی سنه ده‌نگی بڵاوکرایه‌وه و چه‌ند گۆرانییه‌کی له ڕادیۆ سنه تۆمار کرد که به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌خش ده‌کرا.
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم فه‌تاحی به‌هاری ساڵی 1971 له ڕادیۆ مه‌هاباد به هاوکاری هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو " تۆفیق عه‌زیزی" ناسراو به تۆفیقی تارژه‌ن به ئامێری تار و دایره گرینگتیرین گۆرانییه‌کانی له‌وانه " تۆز ده‌کا، تۆز ده‌کا" ، " مریه‌مێ چه‌نده جوانی" و " به‌ر قه‌ڵا مه‌ڕۆ" ی تۆمار کرد که هه‌موویان به‌رهه‌می خۆی بوون.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانییانه له ڕادیۆ مه‌هاباد ئیبراهیم فه‌تاحی له سه‌رانسه‌ری کوردستان ناسرا. به‌تایبه‌ت گۆرانی " تۆز ده‌کا، تۆز ده‌کا" له ناساندن و ناوبانگ ده‌رکردنیدا ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بوو. ئه‌م گۆرانییانه له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا چه‌ندین جار له ڕادیۆ کوردی به‌غدا و ڕادیۆکانی مه‌هاباد و کرماشان و قه‌سری شیرین بڵاوکرانه‌وه.
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له ڕادیۆ مه‌هاباد به هاوکاری هونه‌رمه‌ندی موزیکژه‌ن "ڕه‌شید فهیزنیژاد" و تیپی مۆسیقای شاری مه‌هاباد چه‌ندین گۆرانی دیکه‌ی له به‌رهه‌مه تایبه‌ته‌کانی خۆی تۆمار کرد.
ساڵی 1977 له ڕادیۆ کوردی کرماشان، که ئه‌وكات هونه‌رمه‌ندی ناودار "مه‌زهه‌ری خالقی" به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م ڕادیۆیه بوو، چه‌ند گۆرانییه‌کی به‌هاوکاری هونه‌رمه‌ندانی بۆکانی له‌وانه شمشال ژه‌نی به توانا و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی کورد مامۆستا " قادر عه‌بدوڵڵازاده" ناسراو به "قاله مه‌ڕه" تۆمار کرد. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا هه‌مان به‌رنامه‌ی له ڕادیۆ سنه پێشکه‌شکرد.
ئیبراهیم فه‌تاحی بێجگه له تۆمارکردنی گۆرانی له ڕادیۆکان له كۆڕ و دانیشتنه‌کانی ماڵان و له کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی هونه‌رمه‌ندان به‌رهه‌م گه‌لێکی زۆری تۆمار کردووه، له‌وانه له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان: "حه‌سه‌ن زیره‌ک"، "ناسر ڕه‌زازی"، "عه‌به ده‌ڕژێ"، "عه‌لی خه‌ندان"، "سه‌ید ئیبراهیم سه‌قزی"، "ئیبراهیم قادری" و چه‌ندانی دیکه.
ساڵی 1993 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند "میدیا حوسێن" له شاری سلێمانی گۆرانییه‌کانی "چنووری و چنووری" و " سینه‌مه‌ڕ مه‌ڕ"ی پێشکه‌شکرد.
سه‌ره‌تای ساڵی 2005 هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم فه‌تاحی له سه‌ر بانگهێشتی که‌نالی ئاسمانی "KURD SAT" له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ " ئیبراهیم قادری" به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌شیان پێشکه‌شکرد، که ئه‌مه دوایین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم فه‌تاحی بوو.
مامۆستا ئیبراهیم فه‌تاحی له‌ماوه‌ی ساڵانی چالاکی و خزمه‌تی هونه‌ری به‌بواری مه‌قام و گۆرانیبێژی، کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می پڕ بایه‌خ و گرینگی پێشکه‌ش به هونه‌ری گۆرانی و موزیکی ڕه‌سه‌نی کوردی کرد. زۆربه‌ی گۆرانییه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی دیکه‌وه دووپاتکراونهوه، که ئه‌مه کاریگه‌ری هونه‌ری ئیبراهیم فه‌تاحی له سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی دیکه ده‌رده‌خات. دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵانێکی زۆر به سه‌ر پێشکه‌شکردنی گۆرانییه‌کانیدا، ئه‌م به‌رهه‌مانه ئێستاش هه‌ر له بیر‌و زه‌ینی خه‌ڵکی کوردستاندا ماون و له بیر ناچنه‌وه. بۆ وێنه گۆرانییه‌کانی " تۆز ده‌کا، تۆز ده‌کا" و "مریه‌مێ چه‌نده جوانی" پاش سه‌دان جار گوێگرتن، هێشتا هه‌ر نوێین و مۆرکی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی کورده‌وارییان پێوه دیاره.

Digg
del.icio.us




