
هه‌ڵسه‌نگاندنی ناودار

مریه‌م خان
گۆرانیبێژی ناوداری كورد مریه‌م كچی محه‌مه‌دی کوڕیی ئه‌حمه‌دی بۆتانی ناسراو به مریه‌م خان له ساڵی 1904دا له گوندی "دێرگول"ی جزیره‌ی بۆتان له كوردستانی باكوور چاوی به ژیانی هه‌ڵهێناوه.
ژیانی منداڵیی له شاری دیاربه‌كر به‌سه‌ربردووه، كه جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له پاییزی 1914دا هه‌ڵگیرساوه ژیانی ناوچه‌كه‌یان له‌ڕووی ڕامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئاڵۆزبووه و تووشی كاره‌ساتی ژیان و گوزه‌ران بوون، بۆیه به‌زۆری خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه ڕوویان كردۆته پارچه‌كانی دیكه كوردستان، به‌تایبه‌تی به‌ره‌و كوردستانی باشوور و وڵاتی شامه‌وه چوون و موڵك و دێهاتی خۆیان به‌جێهێشتووه خاتوو "مریه‌م خان"ی کچه ده‌نگخۆش و شه‌یدای هونه‌رو ئاوازی كورد له سه‌ره‌تادا به‌ره‌و سوریا ده‌چێ و ماوه‌یه‌ك له دیمه‌شق ده‌ژی و مریه‌م خان له ساڵی 1924دا دێته كوردستانی باشوور و له زاخۆ ماوه‌یه‌ك نیشته‌جێ ده‌بێت و له دواییدا، له ده‌بیستێ له به‌غدا كۆمپانیای گۆرانی تۆماركردن له‌سه‌ر قه‌وان دامه‌زراوه، ڕووده‌كاته پایته‌خت خانوویه‌ك له "باب الشرقی" به‌كرێ ده‌گرێ و ماڵێكی خنجیلانه داده‌نێ و له ساڵی 1930دا چه‌ند لاوك و به‌سته‌یه‌كی به‌سۆز له‌سه‌ر قه‌وان له كۆمپانیاكانی "ئۆدین" و "به‌یزافۆن" تۆمار ده‌كات و ئه‌م سترانانه‌ش هه‌ندێكن له لاوك و به‌سته تۆمار كراوه‌كانی له‌سه‌ر قه‌وان:
1- لۆركێ لۆركێ
2- گولێ وه‌ی نار وه‌ی نارێ
3- هه‌ی به‌رده به‌رده
4- لێلێ وه‌سۆ
5- گوڵ شێنی شێنی
6- یار حه‌لیمێ
7- محه‌مه‌دێ ڕۆمی
8- لێلێ ئێمۆ
9- لێ داێ
10- لێلێ سوارۆ
11- ئه‌ی ده‌لال
جگه له سترانه‌كانی سه‌ر قه‌وانی، به‌ده‌یان لاوك و به‌سته‌ی كوردی له ئاهه‌نگی گۆرانی ڕاسته‌وخۆی له ئێستگه‌ی ڕادیۆی كوردیی به‌غدا چڕیوه‌و چه‌پكێك گۆرانیش به‌دوو قۆڵی له‌گه‌ڵ سترانبێژه هونه‌رمه‌نده‌كانی كورد، محه‌مه‌د عارفی جزیری، حه‌سه‌ن جه‌زراوی، ئه‌ڵماس محه‌مه‌د گوتووه.
مریه‌م خان له ساڵی 1949دا تووشی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده بووه، هه‌رچه‌نده خرایه نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ی درا، به‌ڵام بێ سوود بوو و له ئه‌نجامی ئێش و ئازار له دوادوای مانگی ته‌ممووزی ئه‌و ساڵه 1949 له شاری به‌غدا كۆچی دواییكرد و تۆماری ژیانی ئافره‌تێكی پێشه‌نگی كاروانی سترانبێژی كورد تا هه‌تایه پێچرایه‌وه.

Digg
del.icio.us




