
هه‌ڵسه‌نگاندنی ناودار

ولیه‌م یوحه‌ننا
كه‌سێك كورد نییه بیروهۆشی به‌ئاوازو گۆرانیی كوردی ئاودرابێت و مامۆستا "ولیه‌م یوحه‌ننا"ی نه‌ناسیبێت. هونه‌رمه‌ندێكی كوردستانی نییه دۆست و یارویاوه‌ری ئه‌و پیاوه دڵسۆزه نه‌بووبێت، ئه‌وه‌ی ده‌یان ساڵ بۆ هونه‌ری گه‌لی كورد ژیا‌و له‌گه‌ڵ موزیكی كوردیدا ڕه‌نجی فه‌رهادیدا.
"ولیه‌م یوحه‌ننا"ی هونه‌رمه‌ند و مرۆڤ ساڵی 1934 له گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ی شاری سلێمانی هاتۆته ژیانه‌وه، ساڵی 1954 په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدای به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واوكردووه، له ساڵه‌كانی په‌نجاكانه‌وه بۆته مامۆستا و زۆر هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌و ناسراوی هونه‌ری كوردیی، به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌و فێری موزیك بوون. دیارترینیان مامۆستایان "ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی"، "خالید سه‌ركار"، "محه‌مه‌د ئه‌مین حسێن" و "فڕه‌نسیس داود"ن.
هه‌ر له‌په‌نجاكاندا، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان "قادر دیلان"، "نه‌جاتی عه‌بده"، حاته‌م سه‌عید" و چه‌ندینی دیكه "تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی"یان دامه‌زراندووه و بوونه‌ته دیارترین گروپی ئه‌و كاته‌ی موزیكی كوردی، ساڵی 1956 یه‌كێك بووه له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی كورد له شاری سلێمانی.
له‌كۆتایی شه‌سته‌كانیشدا، یه‌کێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی "تیپی مۆسیقای سلێمانی" و به‌درێژایی ته‌مه‌نی پڕ له‌به‌خشیشی ئه‌و تیپه، مامۆستا و ئاوازدانه‌ر بووه و گه‌لێ له‌گوڵه ئاوازه‌كانی وان به‌به‌رۆكی گۆرانیبێژه هونه‌رمه‌نده‌كانی كورده‌وه.
ده‌یان ساڵ ڕاهێنه‌ری هونه‌ریی بووه له مه‌ڵبه‌ندی چالاكیی قوتابخانه‌كانی سلێمانی و هه‌زاران ساتی به‌رخی ته‌مه‌نی به‌فێركردنی قوتابیان به‌سه‌ربردووه، هه‌روه‌ها ئاوازی بۆ ده‌یان كاری شانۆیی داناوه.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك بوو ده‌ست و په‌نجه‌ی ئه‌و پیاوه به‌هره‌داره به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له‌ژه‌نینی موزیك كه‌وتبوون، ته‌نانه‌ت چاوه پڕ له‌میهره‌كانی به‌قورسی بۆ ده‌بردرانه دۆست و قوتابی و خۆشه‌ویستانی، له‌م دوو سێ ساڵه‌دا به‌ڕۆح به‌رزه‌فڕ و جه‌سته ماندووه، شاد‌و سه‌رفراز كرا، ئه‌ویش به‌ڕێزلێنان له‌م كه‌ڵه هونه‌رمه‌نده به‌دروستكردنی په‌یكه‌رێك له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند "به‌یان مانی"یه‌وه بۆی دروستكرا، ئه‌وه‌ی به‌رده‌م گه‌له‌ریی مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی ڕازاندۆته‌وه.
سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی 2005.09.14 له‌شاری سلێمانی مامۆستا "ولیه‌م یوحه‌ننا" پاش ته‌مه‌نێكی پڕ له به‌ره‌كه‌ت و خزمه‌ت بۆ مۆسیقا‌و هونه‌ری كوردی پاش ململانێیه‌كی سه‌خت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا ماڵئاوایی له ژیان كرد.

Digg
del.icio.us




