
هه‌ڵسه‌نگاندنی ناودار

حه‌سه‌ن زیره‌ك
ناوی حه‌سه‌نی كوڕی عه‌بدوڵایه، ساڵی 1926 له بۆكان له‌دایك بووه. له‌ته‌مه‌نی پێنج ساڵیدا باوكی كۆچی دواییكردووه و حه‌سه‌ن زیره‌ك ناچار بووه له‌و ته‌مه‌نه‌وه كار بكات بۆ په‌یدا كردنی بژێوی ڕۆژانه‌ی.
هه‌ژاری و بێده‌ره‌تانی زۆریان بۆ هێناوه و بۆ ئیشكردن زۆربه‌ی شارۆچكه‌كانی ئێران گه‌ڕاوه و ته‌نانه‌ت له به‌سره و به‌غدا و هه‌ولێر و كه‌ركوكیش كاری كردووه.
چه‌ند جارێكیش زیندانی كراوه، به‌هۆی ڕووداوێكه‌وه له ئێران سازادراوه و حه‌سه‌ن به‌قاچاخی ڕووی كردۆته به‌غداو له‌وێ، که زانراوه هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشی بێ هاوتایه، له ئێستگه‌ی كوردی دایانمه‌زراندووه.
له‌مه‌وه ناوبانگێكی زۆری په‌یدا كردووه، که گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئێران ده‌ستبه‌جێ له ڕادیۆی تاران و ڕادیۆی كرماشان كاریان پێسپاردووه. دواتر له كرماشان تیپێكی هونه‌ری دامه‌زراند و خزمه‌تی هونه‌ر و مۆسیقای كوردی كرد.
ئه‌م ده‌نگ خۆشه بلیمه‌ته خوێنده‌واری نه‌بووه كه‌چی زۆربه‌ی شیعری گۆرانییه‌كانی به‌رهه‌می خۆیه‌تی. شیعره‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك له دووتوێی په‌رتووكێكدا چاپ كراون به ناونیشانی "چریكه‌ی كوردستان".
له 26ی حوزه‌یران 1972دا، گۆرانیبێژی كورد حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌شاری "بۆكان"ی كوردستانی ڕۆهه‌ڵات كۆچی دواییكرد و هه‌ر له‌و شاره‌دا نێژرا، به‌ڵام له‌دواییدا له‌سه‌ر ڕاسپاده‌ی خۆی، ئه‌وه‌ی له‌ژیاندا گوتبووی، ته‌رمه‌كه‌ی گوێزرایه‌وه بۆ چیای "ناڵه شکێن"ی به‌رامبه‌ر بۆكانی ژینگه‌ی خۆی.

Digg
del.icio.us




