
هه‌ڵسه‌نگاندنی ناودار

حا‌جی باقی
مامۆستای خه‌باتگێڕ و زانای لێهاتووی بیركاری "حا‌جی باقی حا‌جی ساڵحی مه‌نگۆڕ" له ساڵی 1924دا له شاری كۆیه، شاری وێژه و هونه‌رو خه‌باتی كوردایه‌تی چاوی ژیانی هه‌ڵهێناوه و له پایزی ساڵی 1931دا له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی كۆیه خراوه‌ته به‌ر خوێندن و هه‌موو پۆله‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ی به زیره‌كی بڕیوه و له پۆلی شه‌شه‌م به پله‌یه‌كی به‌رز و به یه‌كه‌می ده‌رچوو و له به‌غدا له كۆلیژی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ پۆله‌كانی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی بڕیوه كه وانه‌ی خوێندنیان هه‌موو به زمانی ئینگلیزی بووه.
له ساڵی خوێندنی 1944-1945 چووه‌ته قوتابخانه‌ی به‌رزی مامۆستایان "دارالمعلمین العالیه" كه ئێستاكه بووه‌ته كۆلێژی په‌روه‌رده و له ماوه‌ی خوێندنه‌كه‌ی له‌و قوتابخانه به‌رزه‌دا دۆستایه‌تی گیانی به گیانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێزنا مامۆستا "مسته‌فا حه‌سه‌ن شه‌عبان" كه ئێستا ماوه‌و خوا ته‌مه‌نی درێژبكات و شاعیری نوێخوازی ئێراقی "به‌در شاكر ئه‌لسه‌یاب" خوالێخۆش بووه و چه‌نده جار له‌گه‌ڵ به‌در شاكر له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ڕامیاری چه‌پڕه‌وییان گیراون.
مامۆستا حا‌جی باقی له دوا ساڵی خوێندنه‌كه‌ی دیسان ده‌گیرێ و كاتێك ئازادی ده‌كه‌ن 20 ڕۆژی ده‌مێنێ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵ هه‌ر چۆنێك بێت ڕێگه‌ی پێده‌د‌ه‌ن به‌شداریی له تاقیكردنه‌وه‌كان بكات، چونكه یه‌كجار زیره‌ك بووه له بیركاریی بۆیه به كۆششێكی كه‌م، به پله‌یه‌كی به‌رز ئه‌و به‌شه‌ی بیركاریی له حوزه‌یرانی 1948دا ته‌واو كردووه و بڕوانامه‌ی به كالۆریۆسی له زانستی بیركاریی وه‌رگرتووه.
له پایزی ئه‌و ساڵه‌ی 1948دا له دواناوه‌ندیی هه‌ولێر به مامۆستای وانه‌ی بیركاری دامه‌زاروه و له ناو قوتابی و مامۆستایان‌دا ڕێزێكی زۆری بووه، به‌ڵام لێ نه‌ماوته‌وه بۆ ساڵی 1949 له سه‌ر هه‌ڵوێستی نیشتیمانپه‌روه‌ریی گیراوه و كه به‌ربووه دووریان خستۆته‌وه بۆ‌شاری فه‌للوجه له پارێزگاری ڕومادی و له‌ویش ماوه‌یه‌ك له كۆمپانیای نه‌وتی ئێراق له كه‌ركووك به مووچه خۆری كارتی كاری كردووه تاكو شالیاری په‌روه‌رده پێویستی به مامۆستای بیركاریی بووه، ئه‌وجا گه‌راندوویه‌تیه‌وه سه‌ر كار، به‌ڵام نه‌یهێشتووه له هه‌ولێر بێ و چووه له دواناوه‌ندی سلێمانی بووه به مامۆستای بیركاریی و له‌به‌ر دڵسۆزیی بۆ پیشه‌ی مامۆستایی و هه‌ڵوێستی نیشتمانپه‌روه‌ریی له شوباتی 1962دا به نوێنه‌ری مامۆستایانی سلێمانی هه‌ڵبژێردراوه له‌گه‌ڵ د‌ه‌سته‌یه‌كی دیكه بۆ به‌شداریی كردن له كۆنگره‌ی چواره‌می سه‌ندیكای مامۆستایانی كۆماری ئێراق و ڕۆڵێكی زۆری بووه له چه‌سپاندنی داواكارییه‌كانی مامۆستایانی كورد له بواری خوێندن به زمانی كوردی كه كوردستانی ئێراقدا له 1963.07.04دا به‌شداریی له خولێكی هاوینه‌ی فیزیای له به‌غدا كردووه‌و له 1963.01.10دا له‌سه‌ر چالاكی ڕامیاری له‌سلێمانی گیراوه و خراوه‌ته گرتووخانه‌و له 1963.05.15دا به‌ربووه‌و گه‌ڕاوه‌ته سلێمانی.
مامۆستا حا‌جی باقی له گوتنه‌وه‌ی وانه‌كانی بیركاری و فیزیادا گه‌لێك سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌مه‌ش جێگه‌ی خۆی له نێو دڵی قوتابیانی كردبووه، جگه له زانسته فراوانه‌كه‌شی پیاوێكی گه‌لێك قسه خۆش و ڕۆ‌ح سووك بوو.
له كاتی ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له كوردستان له ڕۆژی 1963.06.09دا به فه‌رمانی زه‌عیم سدیق مسته‌فای سه‌ركرده‌ی سوپای پارتی به‌عسی فاشی له ئۆردووگای سلێمانی به‌بێ گوێدانه پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و زانیاریی شه‌هید كرا و هه‌ر له ناو ئه‌و ئۆردووگایه شوومه‌دا له گۆڕێكی به كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ 82 نیشتمانپه‌روه‌ری دیكه‌ی كورد نێژرا و به‌م جۆره لاپه‌ڕه‌ی ژیانی زانایه‌كی په‌روه‌رده كاری كورد تا هه‌تایه پێچرایه‌وه.

Digg
del.icio.us




