
هه‌ڵسه‌نگاندنی ناودار

ساڵح یوسفی
ساڵح عه‌بدوڵا نه‌جمه‌دین ساڵی 1918 له‌گوندی "بامه‌ڕنی" سه‌ر به‌قه‌زای ئامێدی له‌خێزانێكی خوێنده‌وارو ئایینی ناوداری ناوچه‌ی بادینان له‌دایك بووه و یه‌كێكه له‌وه‌چه‌كانی یوسف زاخۆلی كه زانایه‌كی ئایینی به‌ناوبانگ و جه‌نگاوه‌رێكی دلێری ناو شۆڕشه‌كه‌ی به‌درخان پاشا بوو، ساڵح یوسفی نازناوی "سه‌یدا"ی له‌دایكیه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه كه‌ئه‌ویش له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایین په‌روه‌ر و ناسراوی ناوچه‌كه‌یه.
ساڵح یوسفی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌قوتابخانه‌ی بامه‌ڕنی ته‌واو كردوو پاشان ساڵی 1938 خوێندنی دوا ناوه‌ندی له‌به‌غدا ته‌واو كرد. هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ش كرا به‌مامۆستا و ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌ی "هه‌ریر" كرا. دواتر ساڵی 1943 كۆلیژی شه‌ریعه‌ی به‌پله‌یه‌كی زۆر باش ته‌واو كرد. به‌ڵام له‌به‌رده‌ستكورتی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاره ڕامیارییه‌كانی ناو نیشتمان دانه‌بڕێت بڕیاریدا ئه‌و زه‌ماله‌ی خوێندنه ڕه‌تبكاته‌وه كه‌له‌زانكۆی ئه‌زهه‌ری میسر بۆی ته‌رخان كرابوو.
ساڵح یوسفی له‌ساڵی 1936 دا به‌شداری كرد له‌دامه‌زراندنی ڕێكخراوی "بروسك"دا كه ڕێكخراوێكی ڕامیار‌ی بچووك بوو، هه‌ر له ناوچه‌ی بادیناندا چالاكی هه‌بوو. سێ ساڵ دوای ئه‌وه له‌گه‌ڵ "ڕه‌فیق حیلمی" و "دڵدار"ی شاعیر و چه‌ند تێكۆشه‌رێكی تردا به‌شداری كرد له‌دامه‌زراندنی پارتی "هیوا"دا، پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پارتی "هیوا" له‌ساڵی 1944دا، ساڵح یوسفی په‌یوه‌ندی كرد به "پارتی ڕزگاری كورد"ه‌وه، ئه‌وه‌ی دواتر بوو به‌ڕێكخراوێكی ڕامیار‌ی گرنگ له‌ناوچه‌كه‌دا.
سه‌ره‌تای ئابی 1946 پارتی ڕزگاری و پارتی شۆڕش یه‌كیان گرت و "پارتی دیموكراتی كورد"یان دامه‌زراند. ساڵح یوسفی یه‌كێك بوو له‌ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌و پارته تازه‌یه. ساڵح یوسفی له‌شۆڕشی ئه‌یلولدا به‌رده‌وام خه‌ریكی چالاكی ڕامیار‌ی بووه‌و دوای ڕاگه‌یاندنی به‌یانی ئازاری ساڵی 1970 چه‌ند پۆستێكی گرنگی ده‌وڵه‌تی به‌ركه‌وت.
له‌ماوه‌ی چوار ساڵی گفتوگۆی نێوان كورد‌و به‌غدادا، ساڵح یوسفی هه‌وڵی داوه گفتوگۆكان بگه‌نه ئه‌نجام بۆئه‌وه‌ی جارێكی تر كوردستان نه‌بێته‌وه گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و خوێن ڕشتن. پاش شكسته سه‌ربازییه‌كه‌ی ساڵی 1975، ساڵح یوسفی زۆر هه‌وڵی دا كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا باوه‌ڕی پێبكات كه ڕامیار‌ی ته‌عریب و ڕاگواستنی خه‌ڵكی كوردستان سوود به ئاسایشی ئێراق ناگه‌یه‌نێ، بۆیه له‌مایسی 1976 دا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی له دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستداو خۆی له‌به‌غداوه به‌نهێنی ڕێنمایی و ئامۆژگاری پێویستی بۆ سه‌ركردایه‌تی ئه‌و پارته ئه‌نارد كه‌خه‌باتی چه‌كدارییان له‌كوردستاندا ده‌ست پێكرد بوو.
له‌مانگی مایسی ساڵی 1981دا له‌كۆنگره‌ی پارتی سۆشیالیستی كوردستاندا كه‌له‌یه‌كێ له‌ناوچه ئازادكراوه‌كانی كوردستاندا به‌سترا، ساڵح یوسفی كرا به‌سكرتێری یه‌كه‌می پارت، هه‌رچه‌نده خۆشی له‌به‌غدا بوو.
ساڵح یوسفی له‌بواری ڕۆژنامه‌نووسیشدا تێكۆشه‌رێكی لێهاتوو بوو، هه‌ر خۆی ئه‌م گۆڤار‌و ڕۆژنامانه‌ی ده‌ركردووه "التاٌخی"، "برایی"، "ڕۆژی كوردستان"، "ئه‌ستێره" و "نووسه‌ری كورد".
ساڵح یوسفی له‌ناو هاورێكانیدا به پیاوێكی هێمن و دیموكراتخواز و دڵپاك ناسرا بوو. به‌داخه‌وه به‌پیلانێكی چه‌په‌ڵ ڕۆژی 1981.06.25 له‌به‌غدا شه‌هید كرا.

Digg
del.icio.us




