
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

ئاشكراکردنی جینێکی نوێی قژڕووتاندنه‌وه
دوو تیمی لێکۆڵینه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز ئه‌نجامێکی هاوبه‌شیان له‌سه‌ر جینێکی هۆکاری قژڕووتاندنه‌وه ده‌ستکه‌وت: جینی نوێی ئاشكراکراو ده‌که‌وێته سه‌ر کڕۆمۆسۆمی 20، که وه‌چه‌کان له باوك و دایکه‌وه بۆیان ده‌مێنێته‌وه.
قژڕووتاندنه‌وه به‌یه‌كێك له کێشه ناهه‌مواره‌کان داده‌نرێت، که زۆرێك له پیاوان به‌هۆی نه‌مانی موو به‌سه‌ریانه‌وه دووچاری ده‌بنه‌وه. تاکو ئێستا هیچ ڕێگایه‌كی کاریگه‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشه ناهه‌مواره‌ی پیاوان نییه، که به‌هۆیه‌وه ڕووخساریان گۆڕانکاری تێدا ڕووده‌دات. هه‌رچه‌نده ئێستا له ده‌رمانخانه‌کاندا دوو جۆر ده‌رمان بۆ چاره‌سه‌رکردنی قژڕووتاندنه‌وه ده‌ستکه‌وتن - به‌ڵام هیچ کام له‌و ده‌رمانه چاره‌سه‌رکه‌رانه نه‌یانتوانیوه کێشه‌ی ڕووتاندنه‌وه به‌یه‌کجاری بنبڕ بکه‌ن.
هه‌ربۆیه توێژه‌ران به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی قژڕووتاندنه‌وه‌ن: له‌میانه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانیاندا توێژه‌رانی ئه‌ڵمانی و به‌ریتانی به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز له یه‌کتر جینێکی هاوبه‌شیان دۆزییه‌وه. جینی دۆزراویش له‌سه‌ر کڕۆمۆسۆمی 20 جێگیره و وه‌چه‌کان ده‌توانن له باوك و دایکه‌وه بۆیان بمێنێته‌وه، هه‌روه‌ك توێژه‌رانی زانکۆی "Bonn"ی ئه‌ڵمانی و "King's College London" له‌سه‌ر ڕووپه‌ری گۆڤاری "Nature Genetics"دا نووسیویانه.
تا پێش ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ش ته‌نها یه‌ك جینی هۆکار به‌رامبه‌ر قژڕووتاندنه‌وه ده‌ناسرا، که ئه‌وه‌ش به‌ته‌نها له دایکه‌وه بۆ وه‌چه‌کان ده‌مایه‌وه. به‌ڵام جینی نوێ وه‌چه‌کان له باوك و دایکیشه‌وه بۆیان ده‌مێنێته‌وه. له حه‌وت پیاو یه‌كێکیان هه‌ڵگری یه‌كێك له دوو جینه‌ن. به‌هه‌ڵگرتنی هه‌ردوو جین پێکه‌وه دیارده‌ی قژڕووتاندنه‌وه حه‌وت جار زووتر دووچاری پیاوان ده‌بێت، هه‌روه‌ك لێکۆڵینه‌وه‌کانی "Tim Spector" له "King's College London" نیشانیانداوه.
تیمی "Axel Hillmer" له زانکۆی "Bonn" ماده‌ی جینی 296 پیاویان پشكنی، که پێش ته‌مه‌نی 40 ساڵی دووچاری قژڕووتاندنه‌وه‌یه‌کی به‌هێز هاتبوون. دواتر تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ڵمانی ماده‌ی جینی قژڕووتاوه‌کانیان له‌گه‌ڵ 347 پیاوی خۆبه‌خشکه‌ری قژنه‌ڕووتاوه به‌راورد کرد. هاوکات تیمی "Tim Spector" له "King's College London" ماده‌ی جینی 578 پیاوی تووشبوو به قژڕووتاندنه‌وه‌یان پشکنی، دواتریش ئه‌نجامه‌کانی پشکنیان له‌گه‌ڵ 547 پیاودا به‌راورد کرد.
ئه‌نجامه ده‌ستکه‌وتووه‌کانی هه‌ردوو تیمی لێکۆڵینه‌وه هه‌مان په‌یوه‌ندی نێوان "Androgen receptor gene"ی سه‌ر کڕۆمۆسۆمی "X" و زوو قژڕووتاندنه‌وه‌یان سه‌لماند. هاوکات هه‌ردوو تیمی لێکۆڵینه‌وه به‌شێکی دیکه‌یان له‌سه‌ر کرۆمۆسۆمی 20 به چه‌ند جۆرێکی جیاواز ئاشکرا کرد، که به‌هۆیه‌وه ئه‌گه‌ره‌کانی قژڕووتاندنه‌وه دروست ده‌بێت.
هه‌ردوو تیمی لێکۆڵینه‌وه ئه‌نجامه‌کانیان به‌یارمه‌تی خۆبه‌خشکه‌رانی کۆنترۆڵ سه‌رپشکرد: له‌کاتێکدا تیمی ئه‌ڵمانی ئه‌نجامه‌کانیان به‌یارمه‌تی 844 پیاوی خۆبه‌خشکه‌ری قژنه‌ڕووتاوه له ئه‌ڵمانیا و ئوسترالیا سه‌رپشکرد، تیمی لێکۆڵینه‌وه‌ی نێوه‌نه‌ته‌وه‌یی ئه‌نجامه ده‌ستکه‌وتووه‌کانیان له‌سه‌ر 4961 خۆبه‌خشکه‌ر له هه‌ریه‌ك ئیسلاند، هۆڵه‌ندا و به‌ریتانیا به‌راورد کرد.
تاکو ئێستا نازانرێت، به‌شی جینی ئاشكرابوو چ کارێکی هه‌یه و چۆن کاریگه‌ری ده‌کاته سه‌ر میتابۆلیزمی قژ.
پیاوان دوای قژڕووتاندنه‌وه دووچاری قه‌ڵه‌وی، نه‌خۆشییه‌کان دڵ، په‌ستانی خوێن، پرۆستات و شه‌کره ده‌بنه‌وه، هه‌ربۆیه زاناکان له‌ڕێگای لێکۆڵینه‌وه‌کانیانه‌وه به‌ته‌نها زیاتر مه‌به‌ستیان کێشه‌ی قژڕووتاندنه‌وه نییه؛ به‌ڵکو تێگه‌یشتنی هۆکاره‌کانی ده‌رکه‌وتنی نه‌خۆشییه ناوبراوه‌کانه.
سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ:
لینکی په‌یوه‌ندیدار:







del.icio.us
Digg
Facebook
Google
Yahoo MyWeb