
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

لاروی مێش وه‌ك ئه‌نتی بایۆتیك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی "MRSA"
توێژه‌ران له زانکۆی "Swansea" هیواده‌خوازن، که ئه‌وان بتوانن له لاروی (=Larva) مێشی "Calliphoridae" ئه‌نتی بایۆتیك بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی "MRSA" وه‌به‌رهه‌مبهێنن. ئێستاکه توێژه‌ران له ده‌رهاوێشته‌کانی ئه‌م لارویانه‌وه سه‌رقاڵی دروستکردنی ئه‌نتی بایۆتیکێکن.
توێژه‌ران ده‌یانه‌وێت ئه‌نتی بایۆتیکی دروستکراو له‌ڕێگای ده‌رزی یان قوتدان بده‌ن به نه‌خۆشه‌کان یان وه‌ك کرێمێك له‌شیانی پێ چه‌ور بکه‌ن.
ئه‌نتی بایۆتیکی به‌رهه‌مهاتوو چاوه‌ڕێی ده‌کرێت به‌رامبه‌ر 12 جۆری "MRSA" وه‌ك "E. coli" و "C. difficile" چالاك بێت.
توێژه‌رانی به‌ریتانی به‌هاوکاری له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵه به‌لجیکییه‌کانیان "Seraticin"یان، ناوی ئه‌نتی بایۆتیکی نوێیه، تاقیکرده‌وه. مه‌به‌ست له تاقیکردنه‌وه‌که‌ش زانینی ئاستی چالاکی ده‌رمانی نوێیه دژی "MRSA".
توێژه‌ران بۆ به‌رهه‌مهێنانی دڵۆپێك له ئه‌نتی بایۆتیك نزیکه‌ی 20 لارویان پێویسته. پێش تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌نتی بایۆتیکه له‌سه‌ر مرۆڤ، پێویسته توێژه‌ران چه‌ند هه‌نگاوێکی دیکه بنێن، تا ئاستێکی چالاك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی "MRSA" بدۆزنه‌وه.
ئێستاکه لاروی مێشی "Calliphoridae" بۆ سارێژکردنی برین له ده‌رئه‌نجامی تووشبوون به "MRSA" به‌کارده‌هێنرێت.
"Norman Ratcliffe"، یه‌كێك له به‌شداربووه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م پڕۆژه زانستییه، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه، که توێژه‌رانی ئه‌م پڕۆژه‌یه کارێکی یه‌کجار زۆریان له‌به‌رده‌مدایه، تا به ئه‌نجامێکی باش بگه‌ن.
شان به‌شانی هاوه‌ڵه‌کانیان توێژه‌رانی زانکۆی "Manchester" سه‌رقاڵی کارکردنن له‌سه‌ر هه‌مان پڕۆژه. توێژه‌رانی زانکۆی ناوبراویش لاروی مێشی "Calliphoridae"یان به‌کارهێناوه، تا توانای چالاکییان له‌سه‌ر تووشبووان به نه‌خۆشی شه‌کره بزانن، به‌تایبه‌ت ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی به‌هۆی "MRSA" قاچیان هه‌ڵئاوساوه.
ئه‌نجامه‌کانی تاقیکردنه‌وه‌ش ده‌ریانخستووه، که زۆربه‌ی نه‌خۆشه‌کان پاش سێ هه‌فته له وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر چاکبوونه‌وه‌یان به‌خۆیانه‌وه بینیووه. له‌کاتێکدا به‌کارهێنانی ڕێگاچاره‌سه‌ر ناسراوه ئاساییه‌کانی دیکه، ماوه‌ی 28 هه‌فته‌ی ده‌وێت، تا نه‌خۆشانی شه‌کره به‌ته‌واوه‌تی له هه‌ڵئاوسانی قاچ ڕزگاریان ببێت.
"MRSA" کورتکراوه‌یه بۆ "methicillin-resistant Staphylococcus aureus". ئه‌م به‌کتیریایه به‌رامبه‌ر ئه‌نتی بایۆتیکه‌کان به‌رهه‌ڵستکاره. وه‌چه‌کانی "Staphylococcus aureus" به‌به‌کارهێنانی زۆری ئه‌نتی بایۆتیك توانای به‌رهه‌ڵستکارییان زیاتر ده‌بێت. چونکه له نه‌خۆشخانه‌کان و شوێنه‌کانی دیکه‌ی ته‌ندروستیدا بڕێکی یه‌کجار زۆر له ئه‌نتی بایۆتیك به‌کارده‌هێنرێت، بۆیه وه‌چه به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی به‌کتیریایی ناوبراو له‌و شوێنانه‌دا به‌شێوه‌یه‌کی زۆر به‌رفراوان ده‌رده‌که‌ون و مرۆڤ دووچاری نه‌خۆشی ده‌که‌نه‌وه.
سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ:
لینکی په‌یوه‌ندیدار:







del.icio.us
Digg
Facebook
Google
Yahoo MyWeb