
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

"شتێك له ته‌نیاییم نزیك نییه"
ڕۆژی شه‌ممه، ڕێکه‌وتی 2008.04.26، له‌شاری ئاغوس له باکووری وڵاتی دانیمارك کۆمه‌ڵه‌ی کوردی ئه‌و شاره به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له ڕه‌وه‌ندی کوردی شاره‌کانی دانیمارك و ئاماده‌بوونی خاتوون "سه‌وسه‌ن عومه‌ر"، ئاماده‌کار و پێشکه‌شکاری به‌رنامه‌ی "هه‌فته‌نامه‌ی ڕووناک‌بیری" که‌ناڵی کوردسات، هه‌روه‌ها به ئاماده‌بوونی که‌ناڵی "کوردان تیڤی" و هه‌روه‌ك نوێنه‌ری ماڵپه‌ڕه‌ی خۆزگه کۆڕیکی ڕۆشنبیری هاوچه‌رخی له ژێر ناونیشانی "شتێك له ته‌نیاییم نزیك نییه" بۆ خاتوونی شاعیر "سارا عومه‌ر" و به‌هاوکاری خاتوونی چه‌نگژه‌ن "تارا جاف" ساز کرد.
هاوچه‌رخی ئه‌م کۆڕه ڕۆشنبیرییه‌ش له ئاماده‌بوونی شاعیرێك و چه‌نگژه‌نێك هاوکات گۆرانیبژێكدا خۆی ده‌بینێته‌وه. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ده‌ریده‌خات، که هه‌موو هونه‌ره‌کان ته‌واوکه‌ری ته‌واوی یه‌کترن و له‌هه‌مان کاتیش‌دا هه‌ر هونه‌ر و وێژه‌یه‌ك ده‌توانێت ته‌واوکه‌ری خودی خۆی بێت به‌ته‌نها.
سه‌ره‌تای کۆڕ به وته‌یه‌کی "کۆمه‌ڵه‌ی کوردی له ئاغوس" ده‌ستپێکرد و تێیدا به‌خێرهاتنی میوانانی کورد و دانیمارکی کرا و تێیدا ستایشێکی زۆری خاتوونی شاعیر "سارا عومه‌ر" کرا. له‌پاشان "سارا عومه‌ر" به سۆزه‌کانی ده‌نگی پێشه‌کییه‌کی شایسته‌ی به کۆڕه‌که پێشکه‌شکرد و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئاماده‌بووانی هێواش هێواش بۆ جوانییه‌کانی هۆنراوه‌ی کوردی برد. خاتوونی شاعیری ناوبراو "مه‌حوی" کرده سه‌ره‌تایه‌ك بۆ کۆڕه‌كه، دیاره نابێت ئه‌وه‌ش له‌یادبکه‌ین، که دیمه‌نی هۆڵه‌که ڕازێنرابوویه‌وه به چه‌ند که‌ره‌سه‌یه‌کی که‌لتووری کوردی و پڕبوو له ڕۆشنایی و بۆنی مۆمی په‌مبه‌یی و هه‌ر سه‌رمێزێکیش به‌خونچه گوڵێك ڕازێنرابوویه‌وه. هه‌روه‌ها قاسپه قاسپی دوو که‌وی بناره‌کانی کوێستان ئاوازێك له شادی ده‌هاویژته ناخی ئاماده‌بووانه‌وه.
پاش ته‌واوبوون له دێڕه‌کانی "مه‌حوی" خاتوونی شاعیر "سارا عومه‌ر" ئاماده‌بووانی به هۆنراوه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵه‌بجه له‌ژێرناونیشانی "هه‌نسكێك بۆ مه‌رگ، ده‌رونێك له گریان" خسته دۆخێکی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه دڵته‌زێنه‌کانی ئه‌و مه‌ینه‌ته ڕه‌شه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی کورد له به‌شێکی داگیر کراوی کوردستاندا هاتووه. پێویسته و گونجاوتره " هه‌نسكێك بۆ مه‌رگ، ده‌رونێك له گریان" ناوی داستانی لێبنرێت: هه‌رچه‌نده گرانه ڕووداوێکی له‌و شێوه‌یه بتوانرێت ته‌نها به‌په‌یڤ باسبکرێت، که‌چی شۆخی هه‌ست ناسك "سارا عومه‌ر" به‌ده‌نگێکی پڕ سۆزه‌وه چیرۆکی ئه‌و ڕووداوه دڵته‌زێنه‌ی چڕیه‌وه و ئاماده‌بووانی خسته دۆخێکه‌وه، که فرمێسك چیتر توانای نه‌ما له‌چاواندا قه‌تیسمه ببێت.
شێوازی داڕشتنی " هه‌نسكێك بۆ مه‌رگ، ده‌رونێك له گریان" وه‌ك سیناریۆیه‌ك بوو، جا بۆیه جێگای خۆیه‌تی ناوی داستانی پێببه‌خشرێت و ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌یان به‌چاوی خۆیان نه‌بینووه یان تا ئێستا نه‌یانبیستووه ده‌توانن دێڕه‌کانی ئه‌و داستانه بخوێنه‌وه، تا له ناله‌باری ئه‌و ڕووداوه تێبگه‌ن و له ڕێگایه‌وه دوژمنانی کوردیش باش تێبگه‌ن، که کورد نه به‌کیمیاوی و نه به‌ئه‌نفال کۆتایی دێت، به‌ڵکو بگره نه‌وه‌ی به‌هره‌مه‌ندتر و داهێنه‌رتر‌ی وه‌ك "سارا عومه‌ر" ده‌خاته‌وه.
"تارایه‌ك له چه‌نگ"
فه‌لسه‌فه‌ی تێگه‌یشتن له ژیان و تێگه‌یشتن له هه‌سته‌کانی که‌سێکی به‌رامبه‌ر هێنده سانا نییه: که‌چی به گوێگرتن له وشه‌کانی "تارایه‌ك له چه‌نگ" بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که "سارا عومه‌ر" توانوێتی ئه‌و به‌ربه‌سته بشکێنێت و هه‌نگاوێکی یه‌کجار گه‌وره و فه‌لسه‌فیانه‌تر له‌و ڕووه‌وه ببینێت. دیاره تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌ی هه‌سته‌کان مرۆڤێك ته‌نها بۆ خۆی ده‌توانێت بیکات. به‌ڵام "سارا عومه‌ر" له دێڕه‌کانی "تارایه‌ك له چه‌نگ" نیگای خاتوونێکی چه‌نگژه‌نمان نیشان ده‌دات و بۆمان باسده‌کات، چۆن له‌ره‌کانی چه‌نگێك ده‌توانن، نه‌خۆشانی بیمارستانێك بۆ ته‌نها ساتێكیش بێت له جوانی ژیانیان بگه‌یێنێت و هه‌ندێك له ئازاره‌کانیان که‌مبکاته‌وه.
سارا پاش گوێگرتن له هه‌سته‌کانی تارا له‌ڕێگای ته‌له‌فۆنه‌وه بۆی ده‌رده‌که‌وێت، که ئاوازچڕینه‌وه هیچ سنوور و به‌ربه‌ستێکی له‌به‌رده‌مدا نییه. هاوکاتیش سارا بۆی ده‌رده‌که‌وێت، که په‌نجه‌کانی خاتوونێکی کورد له تاراوگه ده‌توانن ببنه ئارامکردنه‌وه‌ی ناڵه و هاواره‌کانی مرۆڤه دیلکراوه‌کانی چوار دیواری بیمارستانێك. له‌دێڕه‌کانی " تارایه‌ك له چه‌نگ"ه‌وه واڵا ده‌بێت، که "سارا عومه‌ر" ته‌نها وشه له‌سه‌ر کاغه‌زی سپی کۆناکه‌ته‌وه، تا ناوی هۆنراوه‌یان لێ بنێت، وه‌ك چۆن ئێستا به‌داخه‌وه له وێژه‌ی کوردی‌دا بڵاوبۆته‌وه و چه‌ندین که‌س به‌هۆی نووسینی سه‌یره‌وه گاڵته‌جاڕی به وێژه‌ی کوردی مه‌زن ده‌که‌ن.
" تارایه‌ك له چه‌نگ" یه‌کێکه له شاکاره سه‌رکه‌وتووه‌کانی دیکه‌ی شۆخی شاعیر "سارا عومه‌ر". هه‌ر له قووڵایی " تارایه‌ك له چه‌نگ"ه‌وه پێویسته نازناوی "داهێنه‌ر" ببه‌خشرێته "سارا عومه‌ر".
پاش ئه‌وه‌ی "سارا عومه‌ر" شاکاری " تارایه‌ك له چه‌نگ"ی بۆ ئاماده‌بووان خوێنده‌وه، وشه‌کانی ئه‌و هۆنراوه‌یه له‌سه‌ر لێوه‌کانی "تارا جاف" که‌وتنه سه‌ما کردن و په‌نجه‌کانی ئه‌و خاتوونه‌ش له‌سه‌ر چه‌نگ نیگایان ده‌چڕی.
تا پێش چڕینه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانییه ده‌زانرا "سارا عومه‌ر" ته‌نها هۆنراوه ده‌نووسێت، که‌چی پاش چڕینه‌وه‌ی گۆرانی " تارایه‌ك له چه‌نگ" ده‌رکه‌وت، که سۆزی زایه‌ڵه‌ی "سارا عومه‌ر" هێنده‌ی په‌نجه‌کانی به نیگارن: ساتێك "تارا جاف" ده‌یچڕیی: "پاساریی زه‌رده‌ی به‌یان بووم، نیشتمه‌وه و لێره خۆم وون كرد، بوومه هاوسه‌ری مۆسیقا و چه‌نگم له عه‌شق دروست كرد" ئاماده‌بووان هاوتا گوێیان له ده‌نگی پڕ له میهری سارا ده‌بوو. به‌هۆیه‌وه لێهاتوویی ئه‌و کچه لای ئاماده‌بووان زیاتر ده‌رکه‌وت و هه‌روه‌ها ئاشکرابوو، که له ڕاستیدا ئه‌و به‌ته‌نها شاعیر نییه، به‌ڵکو توانای گۆرانی چڕینه‌وه‌شی هه‌یه. به‌ڵام ساکاری ئه‌و کیژه له‌ژیانی نووسین و داهێناندا وا ده‌کات، که ئه‌م کچه تواناکانی به تێپه‌ربوونی کات ده‌ربکه‌ون.
هۆنراوه‌ی دانیمارکی
له‌میانه‌ی ئه‌م کۆڕه‌دا کۆمه‌ڵێك دانیمارکی ئاماده‌بوون. وه‌ك هه‌موو کاره سه‌رکه‌وتووه‌کانی و ده‌ستپێشخه‌رییه‌کانی شاعیری به‌هره‌دار "سارا عومه‌ر" چه‌ند هۆنراوه‌یه‌کی به‌زمانی دانیمارکی خوێنده‌وه، که هه‌موویان له‌نووسینی خۆی بوون. جۆری خوێندنه‌وه له‌لایه‌ن "سارا عومه‌ر"ه‌وه بوویه مایه‌ی شادمانی میوانه دانیمارکییه‌کان و له‌مباره‌یه‌شه‌وه یه‌كێك له‌و ئاماده‌بووانه، ئه‌وه‌ی ناوی "ستێفی ئێکندال" بوو، وتی: "من زۆر ئاره‌زووی گوێگرتنی موزیکی هێمن ده‌که‌م، هه‌ربۆیه ئاماده‌ی ئه‌م چالاکییه ڕۆشنبیرییه بووم. به‌ڵام پاش خوێندنه‌وه‌ی هۆنراوه‌کان به‌زمانی دانیمارکی له‌لایه‌ن ئه‌و کیژه‌وه زیاتر سه‌رنجم چووه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی هۆنراوه‌کان. هۆکاری ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ستی پڕ سۆزی ده‌گه‌ڕێته‌وه. چونکه ئه‌و کیژه به‌ته‌واوه‌تی تێکه‌ڵی وشه‌کانی هۆنراوه‌کان ببوو."
ناوبراو له درێژه‌ی په‌یڤه‌کانیدا هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ خاتوونی شاعیر "سارا عومه‌ر" خواست.
به‌ر له کۆتایی هاتن "سارا عومه‌ر" چه‌ند دێڕێکی له خه‌یام، نالی و پیره‌مێرد خوێنده‌وه، ئه‌وجا به زاراوه‌ی هه‌ورامی چه‌ند دێڕێکی له یه‌كێك له هۆنراوه‌کانی بێسارانی خوێنده‌وه. ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ش به ده‌نگه به‌سۆزه‌که‌ی خاتوونی چه‌نگژه‌ن "تارا جاف" چڕایه‌وه و هه‌روه‌ك کۆتاییه‌ك پێشکه‌شی ئاماده‌بووانی ئه‌م کۆڕه ڕۆشنبیرییه کرا.
له کۆتایی ئه‌م کۆڕه ڕۆشنبیرییه‌دا به‌ڕێز "نه‌به‌ز ئه‌مین" ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی کوردی له ئاغوس سوپاسی خۆی ئاڕاسته‌ی هه‌ردوو خاتوون "سارا عومه‌ر" و "تارا جاف" کرد و دیاری کۆمه‌ڵه‌که‌یانی پێشکه‌ش به‌هه‌ردوو خاتوونی ناوبراو کرد.
هه‌روه‌ك به‌ڕێز "نه‌به‌ز ئه‌مین" ئاماژه‌ی پێدا، "سارا عومه‌ر" له ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا کوردستانی به‌جێهێشتووه و مرۆڤیش له‌و ته‌مه‌نه‌دا هێنده توانای له زمانی دایکدا نییه. که‌چی "سارا عومه‌ر" سه‌ڕه‌رای ژیانی تاراوگه و دووری له خوێندنی زمانی دایك توانیوێتی به پاراوییه‌کی زۆر جوان و سه‌رکه‌وتووانه هۆنراوه به زمانی کوردی بنووسێت و به زاراوه‌کانی دیکه‌ی بێجگه له سۆرانی نووسراو بخوێنێته‌وه. هه‌ربۆیه چاوه‌ڕێی داهاتووییه‌کی یه‌کجار ڕۆشن له‌و کیژه ده‌کرێت.
سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ:
لینکی په‌یوه‌ندیدار:

Digg
del.icio.us





كۆمێنته‌كان (0 بۆچوون):
بۆچوونی خۆت بنووسه